| |
|
|
| |
|
|
| |
|
|
هه‌ولێر و مینا یه‌كسان بوون |
|
|
|
Saturday, 26 July 2008 |
|
له چوارچێوه‌ی جه‌وله‌ی شه‌شه‌می یارییه‌كانی خولی بژارده‌ی عێراق و له ركابه‌رییه‌كانی گروپی سێیه‌مدا، یانه‌ی هه‌ولێر ئێواره‌ی هه‌ینی له یاریگه‌ی شه‌هید فڕه‌نسۆ له هه‌ولێر پێشوازیی له یانه‌ی مینای به‌سره كرد و دوای یارییه‌كی به‌هێز هه‌ردوو یانه به ئه‌نجامی 2-2 گۆڵ یه‌كسان بوون.
یارییه‌كه به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوو، نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌س ئاماده‌ی بوون.
سه‌ره‌تا و له خوله‌كی 28 دا یاریزان حه‌یده‌ر سه‌باح گۆڵی یه‌كه‌می هه‌ولێری به لێدانێكی راسته‌وخۆ تۆمار كرد، كه یه‌كێك بوو له گۆڵه جوانه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی بژارده‌ی عێراق.
له كۆتایی گێمی یه‌كه‌میشدا یاریزان موسلیم موباره‌ك له پاسێكی هاوڕێیه‌كه‌ی یاریزان یاسر ره‌عده‌وه توانیی یانه‌ی هه‌ولێر به گۆڵی دووه‌م پێشبخات.
به‌ڵام له گێمی دووه‌مدا بارودۆخێكی دیكه هاته‌پێشه‌وه و یانه‌ی مینا توانی یارییه‌كی باش ئه‌نجام بدات، یاریزان ئوسامه شه‌یال له یانه‌ی مینا توانی له خوله‌كه‌كانی 57 و 85 دا دوو گۆڵ بۆ یانه‌كه‌ی له یه‌ك گۆشه‌وه و به یه‌ك شێواز تۆماربكات و یارییه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
له‌خوله‌كی 88یشدا یاریزانی یانه‌ی مینا نایف فه‌لاح دوای ئه‌وه‌ی دووه‌م كارتی زه‌ردی وه‌رگرت، به كارتی سوور له‌لایه‌ن ناوبژیوانی یارییه‌كه (نه‌جم عه‌بود)ه‌وه كرایه ده‌ره‌وه.
یاریزانانی هه‌ولێر، به تایبه‌تی هێرشبه‌ره‌كان (لوئه‌ی سه‌ڵاح و شوان مامۆ) هه‌لی زۆر ئاسانیان له ده‌ست دا، به تایبه‌تی له گێمی دووه‌مدا.
له دوای یارییه‌كه، به‌شێك له جه‌ماوه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر، له‌سه‌ر په‌یژه‌كانی یاریگه‌وه ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر گۆڵچی یانه‌ی هه‌ولێر دیدار حامید ده‌ربڕی و به هۆكاری ئه‌و ئه‌نجامه و به به‌رپرسیاری ئه‌و دوو گۆڵه‌یان زانی.
له‌و باره‌یه‌وه عیماد هاشم، گۆڵچی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، كه ئێستا راهێنه‌ری گۆڵچییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێره، رايگه‌یاند "به‌داخه‌وه ئێمه كه ئه‌نجامی خراپمان ده‌بێت گۆڵچی به به‌رپرسیار ده‌زانین، به‌ڵام له‌م یارییه‌دا به‌م شێوه‌یه نه‌بوو، دوو گۆڵه‌كه‌ی مینا له دوو گۆشه‌ی دووره‌وه بوو، یاریزانانی به‌رگری هیچ هه‌وڵێكیان نه‌دا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ی مینا."
وتیشی "له هێرشه‌كانی یانه‌ی مینادا به‌رگریی ئێمه ده‌گه‌ڕانه‌وه دواوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ناڵێین گۆڵچی به‌رپرسی گۆڵه‌كان نییه به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین به‌رپرسی یه‌كه‌م نییه."
عیماد هۆی یه‌كسانبوونی یانه‌ی هه‌ولێری گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌و هه‌لانه‌ی هێرشبه‌رانی یانه‌كه له ده‌ستیان دا و وتی "هێرشبه‌ره‌كانمان زۆرترین هه‌لی گۆڵ تۆماركردنیان به‌فیڕۆ دا، ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه بوو سه‌ركه‌وتن تۆمار نه‌كه‌ین."
وتیشی "ئێستاش هه‌لی گه‌یشتنمان به قۆناغی پێش كۆتایی هه‌یه، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین هه‌ڵه‌كانمان چاك بكه‌ینه‌وه و تیپه‌كه رێكبخه‌ینه‌وه."
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه عادل ناسر راهێنه‌ری یانه‌ی مینا ئه‌نجامه‌كه‌ی به ئیجابی بۆ یانه‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌م دا و وتی "ئه‌نجامێكی باش و گرنگ بوو بۆ ئێمه، هه‌رچه‌نده له گێمی یه‌كه‌مدا به دوو گۆڵ له دواوه بووین به‌ڵام له گێمی دووه‌مدا تیپه‌كه‌مان رێكخسته‌وه‌وه و چه‌ند گۆڕانكارییه‌كمان كرد، به‌وه‌ش توانیمان ئه‌نجامه‌كه راست بكه‌ینه‌وه."
وتیشی "له ئاستی یاریزانه‌كانمان رازین و توانیان ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ن."
له باره‌ی هه‌لی یانه‌كه‌ی بۆ گه‌یشتن به قۆناغی پێش كۆتایی، راهێنه‌ری یانه‌ی مینا وتی "هه‌رچه‌نده گروپه‌كه‌مان زۆر زه‌حمه‌ته به‌ڵام دوای ئه‌م ئه‌نجامه بڕوامان به‌خۆمان هه‌یه كه بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌ركه‌وین، به‌ڵام تا دوا یاریی گروپه‌كه ئه‌و تیپه ده‌رناكه‌وێت كه بۆ ئه‌و قۆناغه سه‌رده‌كه‌وێت."
هه‌ر له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گروپی سێیه‌مدا، ئه‌مڕۆ هه‌ردوو یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه و سناعه له شاری به‌غدا به‌یه‌ك گه‌یشتن و به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون.
دوای ئه‌نجامه‌كانی ئه‌مڕۆ یانه‌ی هه‌ولێر به كۆی (11) خاڵ هه‌ر له پله‌ی یه‌كه‌مدایه و یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه به كۆی حه‌وت خاڵ له پله‌ی دووه‌م و كه‌ركوكیش به هه‌مان ژماره‌ی خاڵ و به جیاوازیی گۆڵ له پله‌ی سێیه‌مدایه، یانه‌كانی مینا و سناعه‌ش هه‌ر یه‌كه‌یان به شه‌ش خاڵ له پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌می گروپه‌كه‌دان.
خولی یانه بژارده‌كانی عێراق قۆناغی كۆتایی خولی یانه نایابه‌كانی عێراقه و به به‌شداریی 14 یانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه به‌سه‌ر سێ گروپدا دابه‌شكراون و یارییه‌كانیش به سیسته‌می چوون و گه‌ڕانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن.
(ده‌نگه‌كانی عێراق)
|
|
|
نوێترین په‌یام |
|
په‌یامی نوێ نیه |
|
|
|
|